| |
|
هه‌ڵبژارده |
زانكۆی سه‌لاحه‌دین3000 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت بۆ ساڵی داهاتووش 2000 خوێندكار وه‌ربگرێت
|
دیدار: زه‌نیره حه‌مه‌كه‌ریم. هه‌ولێر فۆتۆگراف: ناسكه خدر
 د. محه‌مه‌د سدیق خۆشناو، ساڵی 1974په‌یمانگای مامۆستایانی ته‌واوكردووه، ساڵی 1977 زانسته‌ڕامیارییه‌كانی زانكۆی به‌غدای ته‌واوكردووه، دواتر له‌بواری پلاندانانی په‌روه‌رده‌یی ماسته‌ر و دكتۆرای له‌زانكۆی ساڵفۆردی به‌ریتانی وه‌رگرتووه. له 2006/1/31 بووه به سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، ئێستاش له‌كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانسته‌مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین وانه‌بێژه. بۆزیاتر ئاگاداربوون له‌ئیش وكاره‌كانی زانكۆكه‌یان داهێنان ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵدا سازكرد. داهێنان: زانكۆی سه‌لاَحه‌دین ژماره‌ی مامۆستا‌و قوتابی و فه‌رمانبه‌رانی چه‌نده؟ د.محه‌مه‌د: ژماره‌ی قوتابیانمان 23هه‌زار قوتابییه، خۆی له 18كۆلێژ كۆكردۆته‌وه، 4كۆلێژی له‌سۆرانه. زیاتر له 1200 مامۆستامان هه‌یه، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیشمان 3000فه‌رمانبه‌ره. داهێنان: تا چه‌ند له ئاستی زانستی زانكۆكه‌تان ڕازین؟ د.محه‌مه‌د: زانكۆكه‌مان له‌هه‌ولێره، كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌یه كه كاریگه‌ری له دیراسه‌ی خوێندن ده‌كات، گرنكترین شت ئه‌و قوتابییانه‌یه كه له ئاماده‌ییه‌وه بۆمان دێن واته مادده خامه‌كه، په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و قوتابیانه‌و به‌چ ئاستێكی زانستی دێنه زانكۆ زۆر گرنگه له‌سه‌ر ده‌رچونیان، ئه‌و قوتابییانه‌ی كه‌ئێستا قوتابین له‌زانكۆ یاخود له‌قۆناغه‌كانی دواینی زانكۆدان. ئه‌وانه زۆربه‌یان له نه‌وه‌ده‌كان به‌و قۆناغانه‌دا ڕۆشتوون كه زروفێكی نائاسایی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌مان هه‌بوو، كه‌قوتابخانه سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كان به‌پێی پێویست كاری خۆیان ئه‌نجام نه‌ده‌دا به‌وه‌ی كه ئێستا دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، جگه له‌وه‌ش به‌زروفێكی ناله‌باردا تێپه‌ڕبووین كه زۆرێك له‌خێزانه‌كان مناڵه‌كانیان ده‌رده‌هێنا له‌خوێندن ئێستا ئه‌و قوتابییانه زۆربه‌یان هاتونه‌ته زانكۆ، زانكۆش به‌ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ كه ئه‌وان پێبگه‌یه‌نێ و ده‌رچوی باشیان لێده‌رچێت. پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین كه زانكۆ نه‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندییه‌و، نه‌ئاماده‌ییه كه‌خوێندن و نوسین فێری قوتابی بكات. به‌ڵكو ئه‌ركی زانكۆ سێ ته‌وه‌ره‌ی گرنگه، یه‌كێكیان وانه‌وتنه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی تریشیان توێژینه‌وه‌و باشانیش خزمه‌تكردنه، نه‌ك هه‌ر به‌قوتابی به‌ڵكو به‌كۆمه‌ڵگا به‌گشتی. تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئه‌نجاممانداوه له‌بواری وانه‌وتنه‌وه زۆر چالاك بووین، به‌لاَم لایه‌نی توێژینه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆره پشتگوێ خراوه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه دوای ئه‌وه‌ی ڕژێمی عێراق له 91 ئیداره‌ی خۆی كشانده‌وه له‌كوردستان ده‌رچووی ئێمه‌ی له‌زانكۆكانی خواروو وه‌رنه‌ده‌گرت. كاره‌بای بڕین، مامۆستاكانی برده‌وه، دابڕانێكی ته‌واوی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی كرد. له‌وكاته‌وه به‌ناچاری زۆر به‌ش و كۆلێژ كراونه‌ته‌وه به‌بێ پلان و به‌رنامه هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رچووه‌كان وه‌ربگیرێن، ئه‌مانه وایكردووه كه زۆرێك له‌كۆلێژ و به‌شه‌زانستییه‌كان پێویستیان به مامۆستای پسپۆڕ هه‌بێت. تا ئێستاش ئێمه له‌زۆرێك له‌به‌شه‌كان له‌بیری دابینكردنی مامۆستای پسپۆڕداین، به‌مه‌ش لایه‌نی توێژینه‌وه ئیهمال كراوه، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئێستا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ده‌زگایه‌كمان هه‌یه كه ته‌نها بایه‌خ به‌لایه‌نی توێژینه‌وه ده‌دات، لێره‌وه له‌رێگای ڕۆژنامه‌كه‌ی به‌ڕێزتانه‌وه داوا له‌هه‌موو دام وده‌زگاكانی حكومه‌ت و ڕێكخراوه‌كان ده‌كه‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌ستده‌كه‌ن له ولاَتدا بوونی هه‌یه بۆمانی بنێرن بۆئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی قوتابییه‌كانمان نه‌ك ته‌نها له‌بواری تیۆری به‌ڵكو له‌بواری پراكتیكیشدا بتوانن هاوكار بن بۆ بنیاتنانی كوردستان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. ئیمه ته‌نها ده‌توانین ئه‌وه‌نده ئه‌نجام بده‌ین، له ئاستی زانستی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ڕازیم، به‌لاَم به به‌راورد له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ده‌ره‌وه نه‌خێر ڕازی نیم. داهێنان: ئه‌وكێشانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووتان ده‌بنه‌وه چین؟ د.محه‌مه‌د: گه‌وره‌ترین كێشه كه‌ڕوو به‌ڕوومان ده‌بێته‌وه كێشه‌ی باڵه‌خانه‌یه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه بینای خۆمانمان نییه، به‌داخه‌وه ده‌ڵێم زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ساڵی 1968 له‌سلێمانی دامه‌زراوه، به‌بڕیارێكی سیاسی ڕژێمی حكومه‌تی عێراق ساڵی 1981 هاتۆته هه‌ولێر. ئێمه باڵه‌خانه‌ی خۆمانمان نییه، زه‌ویمان له‌سه‌ر ڕێگای كه‌ركوك هه‌یه. سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه 4 ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكردووه‌و دیزاینی كراوه، ده‌ستكراوه به جێبه‌جێ كردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌ته‌واوبونی سه‌رجه‌م كێشه‌ی بینامان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. كێشه‌یه‌كی تر كه‌ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه كه‌می مامۆستای پسپۆڕه، هه‌روه‌ك باسمكرد سالاَنی نه‌وه‌ده‌كان زۆر كۆلێژ كراونه‌ته‌وه به‌بێ به‌رنامه، ئه‌مه‌ش وایكردووه نه‌توانرێ مامۆستای پسپۆڕی بۆ دابینبكرێ، كه تائێستاش زۆر كۆلێژ و به‌شمان هه‌یه پێویستی به مامۆستای پسپۆڕه، به‌لاَم نه‌توانراوه بۆی دابینبكرێ. داهێنان: سالاَنه له‌كاتی وه‌رگرتنی قوتابیان له زانكۆ و په‌یمانگاكان ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی له‌زانكۆی سه‌لاحه‌دین وه‌رده‌گیرێن، به‌لاَم پێویستییه‌كان هه‌ر وه‌كو خۆی وایه بۆ ئه‌مه چیتان كردووه؟ د.محه‌مه‌د: ئێمه داوامان كردووه‌و هه‌مووساڵێكیش هه‌ر وابووه، به‌لاَم ئه‌گه‌ر كه‌مپی زانكۆ دروست نه‌كرێت حاڵمان زۆر خراپه، له‌به‌رئه‌وه جارێكی تریش جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه له حكومه‌تی هه‌رێم كه ڕێزی ئه‌و زانكۆیه به‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه، كه‌مپی خۆی هه‌بێت هه‌موو كۆلێژه‌كان له خۆبگرێ به كتێبخانه‌ی مه‌ركه‌زی و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و نیشته‌جێی مامۆستایان و قوتابیان. ئه‌وه زۆر گرنگه جێبه‌جێ بكرێت، پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و ده‌توانین قۆناغ به‌قۆناغ دروستی بكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه كراوه ساڵی پار به‌ڵێنمان پێدراوه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه قوتابییه زیاده‌كانمان وه‌رگرت، وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَو توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕی ( 10 تا12)ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتووه بۆ دروستكردنی دووسه‌د هۆڵی خوێندن بۆ وه‌رگرتنی قوتابییه زیاده‌كانی پار. ئێمه سالاَنه به‌پێی توانای وه‌رگرتنی خۆمان داواده‌كه‌ین، بۆنمونه به‌شه‌كانی زانستی ده‌ڵێن ئێمه ده‌توانین ئه‌وه‌نده قوتابی له‌و به‌شانه وه‌ربگرین، به‌لاَم ساڵی پار دووئه‌وه‌نده كه‌داواكرابوو به‌سه‌رماندا فه‌رزكرا، چونكه سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ده‌رچووان وه‌ربگیرێن. هیوادارم ئه‌مساڵ بڕیارێك ده‌رچێت 60% وه‌ربگیرێن، هه‌رگیز به‌پێویستم نه‌زانیوه هه‌موو قوتابییه‌ك كه له ئاماده‌یی ده‌رده‌چێ زانكۆ ته‌واوبكات، ئێمه وه‌كو زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌توانین بۆساڵی نوێ نزیكه‌ی 2000 قوتابی وه‌ربگرین. داهێنان: سالاَنه كێشه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، به‌رنامه‌تان بۆساڵی ئاینده چییه؟ د. محه‌مه‌د:به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه كه پرۆژه‌یه‌كمان پێشكه‌ش به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ كردووه، پێشنیارمانكردووه حكومه‌ت هه‌ندێ باڵه‌خانه‌مان بۆ دروستبكات یان بیكڕێت یاخود به‌كرێی بگرێ، ئێمه چه‌ند خانوویه‌كمان گرتبوو ئێستا گرێ به‌سته‌كانمان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین بۆساڵی داهاتوو حكومه‌ت چاره‌سه‌رمان بۆ بكات و باڵه‌خانه‌مان بۆ بگرێ، چونكه ئه‌و كات ده‌توانین له‌بواری كارگێڕی و خزمه‌تكردن ئیشی باش بكه‌ین. داهێنان: مه‌رجتان چییه بۆ دانانی ڕاگری كۆلێژه‌كان؟ د.موحه‌مه‌د: له هه‌موو شوێنه‌كان مه‌رجه‌كه، وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ دایده‌نێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر بێ، حه‌وت ساڵ خزمه‌تی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر پێویست بوو وه‌زیر ده‌سه‌لاَتی هه‌یه به‌رزیبكاته‌وه بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌وه‌كاله‌ت كه‌سێك دابنرێ كه‌ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا بێ. داهێنان: له‌كاتێكدا چه‌ندین دكتۆر و مامۆستای به‌توانا له‌زانكۆ وانه ده‌ڵێنه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به‌پارتی نین هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كتان پێنه‌داون؟ د.محه‌مه‌د: ئه‌وپرسیاره نابێ له‌من بكرێ، من ته‌نها ده‌توانم پێشنیاربكه‌م، مه‌رج نییه هه‌ركه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی تیابێت بتوانێ كۆلێژێك به‌ڕێوه‌ببات، له‌وانه‌یه له‌بواری ئه‌كادیمی زۆر باش بێ، به‌لاَم له‌بواری كارگێڕی ئه‌ومه‌رجانه‌ی پێ نه‌درێ. داهێنان: بۆچی كۆلێژی ئێوارانی(سۆران)تان داخست؟ د.محه‌مه‌د: ئێمه له‌كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی سۆران خوێندنی ئێوارانمان نییه‌و نه‌شمان بووه، خوێندنی ئێوارانی سۆران به‌نایاسایی كراوه‌ته‌وه، له‌وێ به‌بێ ئاگاداری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ‌و وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَبووه. داهێنان: چۆن ده‌بێ سه‌رۆكی زانكۆ ئاگاداری كردنه‌وه‌ی كۆلێژێك نه‌بێ، یان ململانێی حیزبی بوو؟ د.محه‌مه‌د: په‌روه‌رده‌ی سۆران جوگرافییه‌ن لێره‌نییه له‌سۆرانه، ئه‌وبه‌شانه نه‌كراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو به‌شه‌كه خۆی بوونی هه‌بوو، به‌لاَم خوێندنێكی ئێوارانیان كه داناوه ئێمه ئاگاداری نه‌بووین، ته‌نها شت كه‌ئاگاداری بووین نوسراوێك كراوه بۆئێمه‌و به‌رزمانكردۆته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ، وه‌زاره‌تیش وه‌لاَمی داواكه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، ئێمه واتێگه‌یشتین نابێ بكرێته‌وه، وامانزانی هه‌ر نه‌كراوه‌ته‌وه، كه‌زانیمان كراوه‌ته‌وه ئیجرائاتمان كردوو وتمان ده‌بێ دابخرێ. دوای ئه‌وه كه‌كێشه‌كه دروستبوو لیژنه‌یه‌كمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی دروستكرد، وه‌زاره‌تیش لیژنه‌یه‌كی دروستكرد، هه‌وڵماندا شتێك بكرێ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر داهاتووی قوتابیان نه‌بێ. ئه‌وانه‌ی ده‌رچووی ئاماده‌یی بوون هه‌تا ئه‌گه‌ر مه‌رجی زانستیشیان تێدا نه‌بێ بڕیاردرا هه‌موویان له په‌وه‌رده‌ی سۆران وه‌ربگیرێن، ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌كانیان تێدانییه یاخود نه‌یانتوانیوه بڕوانامه پێشكه‌ش بكه‌ین به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ئه‌وانه ناویان ده‌رنه‌چووه.65قوتابیمان هه‌یه ساڵێك خوێندویانه‌و، زیاتر له300قوتابی تریش ئه‌مساڵ پێشكه‌شیان كردووه، ئێمه دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك خوێندنه‌كه‌مان راگرت. داهێنان: له‌زۆرێك له‌كۆلێژه‌كان یه‌كێتی قوتابیان بالاَده‌ست تره وه‌ك له‌ڕاگری كۆلێژه‌كه، بۆنمونه له‌كۆلێژی زانست نوێنه‌ریان ڕێ به‌وه نادا ڕۆژنامه‌كه‌مان بلاَوبكرێته‌وه، له‌كۆلێژی تر ڕاگر وتوویه‌تی بچن پرس به‌یه‌كێتی قوتابیان بكه‌ن ئینجا فلاَنه شت بكه‌ن؟ د.محه‌مه‌د: سالاَنه هه‌ڵبژاردن بۆ نوێنه‌رایه‌تی قوتابیان ده‌كرێ، له پۆل و به‌ش و كۆلێژه‌كان نوێنه‌ر دیاریده‌كرێ، قوتابیان خۆیان دیاریده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه ئێمه مامه‌ڵه ته‌نها له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری قوتابیان ده‌كه‌ین. نوێنه‌رایه‌تی قوتابیان له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین یه‌كێتی قوتابیانه، هه‌ڵبژاردن پیشانیده‌دا كێ نوێنه‌ری قوتابیانه، من وه‌كو سه‌رۆكی زانكۆ ناتوانم هه‌موو ڕێكخراوه‌كانی قوتابیان ببینم، ساڵی داهاتووش ڕێكخراوی ئێوه بوو به نوێنه‌ر ئه‌و كاته ته‌عامول له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئێوه ده‌كه‌م. داهێنان: له‌ڕووی یاساییه‌وه واده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌رچووه ئه‌وان نوێنه‌ر نین؟ د.محه‌مه‌د: بۆ ڕێكخراوه‌كان شتێكی وا له‌فیدراسیۆن پێشكه‌ش ناكه‌ن و بڵێن پێویسته هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه؟ ئه‌وكاته ئه‌گه‌ر ئێمه ئاسانكاریمان بۆ نه‌كردن هه‌قی خۆتانه. داهێنان: ئایا ڕێگه به‌ڕێكخراوی تر ده‌ده‌ن كاروچالاكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێگه به‌یه‌كێتی قوتابیان ده‌ده‌ن؟ د.محه‌مه‌د: هه‌رگیز ڕێگه له‌هیچ چالاكییه‌ك ناگرم، حه‌زده‌كه‌م ڕێكخراوه‌كانی قوتابیان له‌ناو فیدراسیۆن باسی ئه‌وه بكه‌ن كه چۆن چالاكییه‌كانیان بهێننه پێشه‌وه. ئێمه وای ده‌بینین نوێنه‌رایه‌تی قوتابیان هه‌موو ڕێكخراوه‌كانی قوتابیان ده‌گرێته‌وه. داهێنان: له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌شتی زانستی زانكۆكان ئه‌وگه‌شته كرابووه چالاكی یه‌كێتی قوتابیان به‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری درابووه ده‌ستی ئه‌وان، له‌كاتێكدا له‌سلێمانیش كرابووه چالاكی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران ئه‌مه بۆ؟ د.محه‌مه‌د: منیش له‌گه‌ڵتان هاوڕام پێویسته گه‌شتی زانستی ئیداره‌ی زانكۆ و به‌شه‌زانستییه‌كانی زانكۆ به‌ئیشرافی مامۆستا‌و كۆلێژ بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌شێك نه‌بێت له‌پڕۆگرامی خوێندن نابێت، له‌وانه‌یه ئێمه‌ش ناڕه‌زاییمان هه‌بێ له‌وه‌ی كه زۆر شت ده‌كرێ له‌وبواره ناڕازین پێی، له ئه‌نجومه‌نی زانكۆش باسی ده‌كه‌ین بۆسالاَنی داهاتووش مه‌رجی زۆر توند داده‌نێین بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌وگه‌شتانه. داهێنان: له‌مساڵی خوێندندا یه‌كێتی قوتابیان له‌كۆلێژه‌كاندا نوێنه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌ڵبژارد، به‌جۆرێك له‌زۆربه‌ی به‌شه‌كاندا موحازه‌ره وه‌ستا، وتیان ڕاگری كۆلێژه‌كان رێ‌یان پێداوین ئه‌مه‌بۆ؟خۆیان باره‌گایان نییه؟ د.موحه‌مه‌د: ئێمه هیچ ته‌وجیهێكمان نه‌داوه بۆ ڕاگرایه‌تی كه له‌ناو هۆڵی موحازه‌رات یه‌كێتی قوتابیان هه‌ڵبژاردنی خۆی بكات، هیچ ئاگاشم له‌وشته نییه به‌ڵكو ڕاگرایه‌تییه‌كان ده‌بێ خۆیان ئه‌وكاره‌یان ئه‌نجام دابێ، نازانم تاچ ڕاده‌یه‌ك ڕاگر ئاگای لێیه، منیش پاڵپشتی ئه‌وه‌ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی خۆیان بێ ده‌بێت له‌باره‌گای خۆیان ئه‌وه بكه‌ن، یاخود له‌شوێنێك وه‌كو نادی كۆلێژه‌كان، ته‌حقیق له‌و بابه‌ته ده‌كه‌م، ساڵی داهاتوو ئه‌وشته دووباره‌نابێته‌وه. داهێنان: ئه‌مساڵ زۆرێك له‌ڕاگری كۆلێژه‌كان گۆڕان هۆكاری چی بوو؟ د.محه‌مه‌د: خۆم باوه‌ڕم به‌گۆڕان زۆره، كه خه‌ڵكی نوێ و خیبره‌ی تازه بێته پێشه‌وه‌و، به‌ته‌وژمێكی نوێوه كاره‌كان ئه‌نجام بدرێن، به‌لاَم هه‌ر گۆڕانێك كه له‌زانكۆ ده‌كرێ سه‌رۆكی زانكۆ پێشنیاری ده‌كات بۆ وه‌زیری خوێندنی بالاَو وه‌زیریش بۆسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ پێشنیاری ده‌كات وه‌زیر قه‌ناعه‌تی پێی هه‌بێ و به‌رزی بكاته‌وه، مه‌رجیش نییه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌رچییه‌ك وه‌زیر بینێرێ پێی ڕازی بێ، جا له‌به‌رئه‌وه هه‌ندێكجار گۆڕان ده‌رده‌چێ له‌وانه‌یه ئه‌وشێوازه نه‌بێت كه ده‌قاوده‌ق وه‌زیر و سه‌رۆكی زانكۆ ده‌یه‌وێ. |
|
|
|
|
|
|
|