| |
|
هه‌ڵبژارده |
له زاخۆ منداڵانیش وه‌كو گه‌وره‌كان جگه‌ره ده‌كێشن
|
ئا: سامان مه‌جید
 دلۆڤان سه‌عد، ته‌مه‌ن سیانزه ساڵ، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك منداڵی هاورێی و هاوته‌مه‌نیدا پاش عه‌سرانێكی كۆتایی رۆژه‌كانی وه‌رزی به‌هار، بوونه جێی سه‌ره‌نجی كۆمه‌لێك گه‌شتیار، كه به‌سه‌ر پردی ده‌لالی زاخۆدا گوزه‌ریان ده‌كرد. هه‌موویان له به‌رزاییه‌كانی پرده‌كه‌وه بۆ مه‌له‌كردن خۆیان هه‌ڵده‌دایه ناو روباری خاپوره‌وه كه به‌ژێر پرده‌كه‌دا له‌رۆژهه‌لاَتی زاخۆ گوزه‌ر ده‌كات و گه‌شتیارانیش له خۆی كۆده‌كاته‌وه. دلۆڤان و هاورێكانی بۆ چه‌ند جارێك ده‌رۆشتنه سه‌ر به‌رزاییه‌كانی پرده‌كه‌و خۆیان هه‌ڵده‌دایه نێو ئاوه‌كه‌وه و گه‌شتیارانیش ده‌بوونه ته‌ماشاچیان. سه‌رجه‌م هاورێكانی دلۆڤان كه ته‌منیان له نێوان 11 بۆ 14 ساڵیدا بوو، زۆربه‌ی رۆژه‌كان دێنه سه‌ر روباری خاپورو سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ لای خۆیان راده‌كێشن، چونكه ئه‌وان به ته‌نها بۆ مه‌له‌كردن نایه‌نه سه‌ر روباره‌كه‌و به مه‌له‌كردن سه‌ره‌نجی گه‌شتیارانیان رانه‌كێشاوه، چونكه هه‌موو شوێنێك كه روبار و ئاوی هه‌یه عاده‌ته‌ن منالاَنی ئه‌و شوێنانه به خێرایی خۆیان فیری مه‌له‌كردن له‌و روبارانه دكه‌ن، ئه‌وه‌ی زیاتر وا له گه‌شتیاران ده‌كات ببنه ته‌ماشاچی ئه‌و منالاَنه، ئه‌وه‌یه كه وه‌كو گه‌وره‌كان جگه‌ره ده‌كێشن و به پاكه‌ت جگه‌ره‌یان پێیه‌و چه‌رخێكیش كه هه‌میشه پێویسته پێیان بێت، له بیری ناكه‌ن و له گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵیده‌گرن. دوابه‌دوای ته‌واوبونی مه‌له له ئاوی خاپور هه‌موویان خۆیان وشككرده‌وه‌و دلۆڤانیش ده‌ستی كرد به گیرفانیداو پاكه‌تێك جگه‌ره‌ی ده‌رهێناو به خێرایی هه‌موو مندالاَنی هاورێی له خۆی كۆكرده‌وه. له‌قه‌راغی روباره‌كه هه‌موویان سه‌رو جگه‌ره‌یان خسته نێو په‌نجه‌كانیان و دوكه‌ڵیان له‌نێو ده‌مولوت و په‌نجه‌یاندا به‌رزكرده‌وه. دلۆڤان وتی "هه‌ركاتێك بۆ مه‌له‌كردن دێینه سه‌ر پردی ده‌لاَل دواتر خۆمان وشك ده‌كه‌ینه‌وه‌و پێكه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ین به جگه‌ره كێشان." دیارده‌ی جگه‌ره كێشان به‌گشتی له نێو منالاَن و هه‌رزه‌كارانی ده‌ڤه‌ری بادیناندا خه‌ریكه ته‌واو په‌ره‌ده‌سێنێت و به تایبه‌تیش له شاری زاخۆ ئه‌و مندالاَنه ده‌بینرێن كه به پاكه‌ت جگه‌ره‌یان پێیه‌و هه‌روه‌كو گه‌وره‌كان قوم له جگه‌ره‌كانی نێو له‌پیان ده‌ده‌ن. زۆرێك له‌و منداڵ و مێردمندالاَنه‌ی كه خویان داوه‌ته جگه‌ره‌كێشان، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی به بێ ئاگاداری ماڵه‌وه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن، به‌لاَم باكیان له‌وه نییه له ده‌ره‌وه هه‌ركه‌س بیانبینێت، جگه له كه‌سوكاره نزیكه‌كانیان نه‌بێت. هه‌ر كه ناوی پردی ده‌لال ده‌هێنرێت، یه‌كسه‌ر شاری زاخۆت بیرده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئه‌م پرده شوێنه‌وارێكی میژوَوییه‌و له ئێستادا هێمای شاره‌كه‌یه، ئاوی خاپوریش كه به ژێر پرده‌كه‌دا تێده‌په‌رێت، ئه‌و منالاَنه كۆده‌كاته‌وه كه خویان به جگه‌ره‌كێشانه‌وه گرتووه. زاخۆ له دهۆكه‌وه زیاتر له په‌نجا كیلۆمه‌تر دوره‌و ده‌كه‌وێته باكوری شاره‌كه‌وه‌و هاوسنوره له گه‌ڵ توركیادا، هه‌روه‌ها شارێكی زۆر كۆنه‌و ده‌كه‌وێته نێو دۆڵێكی بچوكه‌وه له كه‌ناری روباری خاپوردا، له ئێستاشدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێگه‌ی هاتوچۆی بازرگانی نێوان توركیا‌و عێراقه، شارێكی گه‌شتیارییه‌و له هه‌ر چوارلایه‌وه به كۆشك و خانوی جوان ده‌وره‌دراوه، دیمه‌نی روبارو ئاوه‌كان تێكه‌ڵ به دیمه‌نی چیا‌و كۆشك و خانووه‌جوانه‌كان ده‌بن و سه‌ره‌نجی گه‌شتیاران بۆلای خۆیان راده‌كێشن. زاخۆ بۆته شوێنێكی گه‌شتیاری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له دووره‌و دێن و سه‌ردانی شاره‌كه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شی زاخۆی جوانتر كردووه پردی ده‌لاله كه بۆته هێمای شاره‌كه. هه‌ر كه‌سێكیش كه سه‌ردانی زاخۆ ده‌كات سه‌ردانی پرده‌كه ده‌كات و وێنه‌یه‌كی یادگاریش له ته‌نیشت پرده‌كه‌وه ده‌گرێت. له‌و كاته‌ی گه‌شتیاران كه زوومی كامێركه‌یان ده‌جوڵێنن و وێنه‌ی یادگاری ده‌گرن، به‌شێك له زومی كامێراكانیش ده‌چنه سه‌ر ئه‌و مندالاَنه‌ی كه هێشتا جگه‌ره‌كانیان له‌نێو په‌نجه‌كانیان نه‌كوژاندۆته‌وه. عیسام خه‌لیل، ته‌مه‌ن 12 ساڵ، كه كوردێكی شاری موسڵه‌و له ترسی باری ئاسایشی شاره‌كه‌یاندا ئیستا ماڵه‌وه‌یان له زاخۆ جێگیربوون، به‌زوویی تێكه‌ڵ به هاوته‌مه‌نه‌كانی بووه له شاری زاخۆ، ئه‌و كه زیاتر به عه‌ره‌بی قسه‌ی ده‌كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه كاتێك تێكه‌ڵ به هاوته‌مه‌نه‌كانی بووه فێری جگه‌ره كێشان بووه و هێشتاش ماڵه‌وه‌یان پییان نه‌زانیووه ، به‌لاَم ترسی خۆشی له‌وه نه‌شارده‌وه كه ئه‌گه‌ر ماڵه‌وه‌یان پێی بزانن، ئیتر رێگه‌ی تێكه‌لاوبوونی له‌گه‌ڵ هاورێكانیدا ده‌گرن. داهێنان له ژماره‌ی پێشووی خۆیدا، راپۆرتێكی تایبه‌تی له‌باره‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان بلاَوكرده‌وه‌و باسی له‌وه ده‌كرد، رێژه‌یه‌ك له گه‌نجان و هه‌رزه‌كارانی بادینان وازیان له حۆیندن هێناوه‌و به‌زۆریش بیریان لای ئه‌وه‌یه كه چۆن بگه‌نه ئه‌وروپاو رێژه‌یه‌كی به‌رچاویشیان ده‌ستیان داوه‌ته جگه‌ره‌كێشانی به‌رده‌وام. ئه‌م جگه‌ره‌كێشانه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه هێشتا گه‌نجان و هه‌رزه‌كارانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به ته‌واوه‌تی له هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندێتی و خه‌سله‌تی جوان به‌تاڵ بووبێتنه‌وه، چونكه زۆرێك له‌وانه‌ی كه له‌وێ بوون هه‌رگیز ئه‌وه‌یان له بیر نه‌ده‌كرد كاتیك دوو هه‌رزه‌كار كه یه‌كی جگه‌ره‌یه‌كیان به‌ده‌سته‌وه بوو، كامێرایه‌كی یه‌كێك له‌گه‌شتیارانیان دۆزییه‌وه و به دوای خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌گه‌ران و ده‌یانوت ئێمه حه‌رام ناخۆین. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه چۆن به ئاسانی ئه‌ومندالانَه خه‌ریكی جگه‌ره كێشانن و به‌شێوازێك خویان پێداوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی باكیان له هیچ كه‌س نه‌بێت، خه‌ڵكانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره ده‌لێن كه گوایه به بێ ئاگاداری ماڵه‌وه جگه‌ره ده‌كێشن. پیاوێكی به ته‌مه‌ن كه له نزیك پردی ده‌لاله‌وه خه‌ریكی چه‌ره‌س فرۆشتنه له‌دیمه‌نی ئه‌و مندالاَنه ده‌ڕوانێت كه دوكه‌ڵ له ده‌مولوتیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ركه‌سێكیش پرسیاری لێبكات پێی ده‌لێت "ئه‌وانه به دزی ماڵه‌وه جگه‌ره ده‌كێشن، ئه‌گه‌ر ماَله‌وه‌یان بزانن سه‌ریان ده‌برن." عالی عازی، ته‌مه‌ن 16 ساڵ، له قوتابخانه وازی هێناوه‌و شاگردی شوێنێكی گه‌شتیاری بچوكه له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كدا كه‌به‌سه‌ر پردی ده‌لال و ته‌واوی زاخۆدا ده‌ڕوانێت، پاكه‌تێك جگه‌ره‌ی له‌نێو گیرفانی كراسێكی ره‌نگ شین‌دا ده‌رهێنا كه له ترسی خاوه‌ن كاره‌كه‌ی شاردبووییه‌وه، هه‌ركاتێك وه‌ستاكه‌ی له‌وێ نه‌بێت ده‌ستده‌كات به جگه‌ره كێشان، به‌لاَم هه‌میشه به وریاییه‌وه چاوی له‌وه‌یه نه‌وه‌كو خاوه‌ن كاره‌كه‌ی بیبینێت و به یه‌كجاری نانبڕاوی بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مه روبدات بۆ غازی گه‌لێك دژوار ده‌بێت و ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له‌وێ ده‌ستی ده‌كه‌وێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێكی له جگه‌ره‌كێشاندا سه‌رفده‌كات، به به‌شه‌كه‌ی تری چه‌ند خوشك و برایه‌كی هه‌تیوی له‌خۆی بچوكتر به‌خێو ده‌كات، كه دایكیان به ته‌نها له ماڵه‌وه چاودێریان ده‌كات. |
|
|
|
|
|
|
|