| |
|
هه‌ڵبژارده |
پێده‌چێت نزیكه‌ی 100خوێندكاری زانكۆی كوردستان ده‌ربكرێن
|
داهێنان. هه‌ولێر
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به رۆژنامه‌ی داهێنان گه‌شتووه دوای ته‌واوبوونی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه نزیكه‌ی 100خوێندكاری زانكۆی كوردستان ده‌ربكرێن و مافی خوێندنیان پێنه‌درێت، خوێندكارێكی زانكۆكه رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت خۆپیشاندان سازده‌كه‌ن. له ئێستادا بڕیاری ده‌ركردنی 6خوێندكاری زانكۆی ناوبراو دراوه‌و، به 13خوێندكاری تریش راگه‌یه‌نراوه كه مافی خوێندنیان نابێت، بڕیاری ئه‌وه‌ش له ئارادایه دوای ته‌واوبوونی تاقیكردنه‌وه‌كان سه‌رجه‌می ئه‌و خوێندكارانه‌ی ئه‌م بڕیاره ده‌یانگرێته‌وه نزیك ده‌بێته‌وه له 100خوێندكار. خوێندكارێكی زانكۆی كوردستان پێی راگه‌یاندین: "ئه‌مه نیگه‌رانییه‌كی زۆری دروستكردووه‌و، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌ی پێكهێناوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی" ئه‌م خوێندكاره باس له نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان ده‌كات ده‌ڵێت: "جه‌نه‌ڕاڵێكی عه‌سكه‌ری كراوه به سه‌رۆكی زانكۆ كه پله‌ی زانستی نییه، ئه‌مان ده‌یانه‌وێ وه‌كو سیستمی خوێندنی به‌ریتانیای لێبكه‌ن، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی تر چاره‌كرا با وایلێبكه‌ن"، ئه‌و خوێندكاره ئه‌وه‌شی وت ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت خۆپیشاندان سازده‌كه‌ین. بێبه‌شكردنی ئه‌و خوێندكارنه له خوێندن واراگه‌یه‌نراوه به‌هۆی زۆی ئاماده‌نه‌بوون له وانه‌كان و، لاوازی ئاستی زیره‌كییانه‌وه‌یه، له به‌رامبه‌ردا خوێندكاران باس له ململانێی توند ده‌كه‌ن له‌نێو مامۆستایانی زانكۆكه‌یان و پێیانوایه ناكرێت ئه‌وان له‌م نێوه‌نده‌دا زه‌ره‌رمه‌ندبن. ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه پێكهێنراوه د.شه‌فیق قه‌زاز سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، 5/7 له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری خوێندكاره‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه، به‌لاَم به هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌شتوون. داهێنان چه‌ندجارێك په‌یوه‌ندی به د.شه‌فیق قه‌زازه‌وه كرد، به‌لاَم په‌یوه‌ندییه‌كه وه‌رنه‌گیرا. سیسته‌می خوێندن له زانكۆی كوردستان له شێوه‌ی زانكۆكانی به‌ریتانیایه‌و، راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانییه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت. پێشووتر د.عه‌باس وه‌لی سه‌رۆكی زانكۆكه بوو، به‌لاَم به‌بڕیارێكی كتوپڕ جه‌نه‌ڕاڵێكی سه‌ربازی به‌ریتانی كرا به سه‌رۆكی زانكۆكه. |
|
|
|
|
|
|
|